وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ ئێران: تکایە دان بەخۆتاندا بگرن

لەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هێرشکردنی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، ئانالینا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کرد، وڵاتەکەی دان بەخۆیدا بگرێت تاوەکو گرژیی زیاتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستنەبێت.

رۆژی پێنجشەممە 11ـی نیسانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدانییە گرژیی نوێ لە ناوچەکەدا دروست ببێت.

هاوکات داواشیان لەسەرجەم لایەنەکانی ناوچەکە کردووە دانبەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەدووربگرن.

کاتژمێر 5:00ـى سەرلەئێوارەی 1ـى نیسانی 2024، لە گەڕەکی مەززەی دیمەشق، فڕۆکەیەکی ئێف 35ـى ئیسرائیلی بە شەش مووشەک کونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشق بۆردوومانکرد، بەو هۆیەوە 14 کەس کوژراون کە حەوتیان ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران بوون و لە ناویاندا دوو فەرماندەی باڵا بە ناوەکانی محەمەد رەزا زاهیدی، فەرماندەی باڵای سوپای قودس و محەمەد هادی حاجی رەحیمی، فەرماندەی دیاری ناو سوپاکەى تێدابوو.