سودانی: پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا کلیلی ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق. فۆتۆ: پەڕەى سودانى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک

پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، محمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکیدا بۆ گۆڤاری فۆرین ئەفێرسی ئەمریکی نووسیوویەتی، پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

رۆژی پێنجشەممە 11ـی نیسانی 2024، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکیدا لە رۆژنامە ئەمریکەیەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمریکا یارمەتیی وڵاتەکەی داوە تاوەکو بتوانێت بەسەر بێبەزەییترین رێکخراوی تیرۆریستیدا سەربکەوێت.

باسی لەوەشکردووە، هۆکاری دروستبوونی گرووپی چەکداری لە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی عێراق بەهۆی هەلومەرجی رووبەرووبوونەوەی داعشەوە بووە، حکومەتەکەی ئاگاداری پاراستنی ئەو هاوسەنگییە دەبێت کە لەنێوان ئەو گرووپانە و ئەمریکادا دەبێت.

سودانی دیدگای وڵاتەکەی لەبارەی هێرشەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانان روونکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، دیدگای ئەوان روونە و هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق یان لە وڵاتانی دراوسێ رەتدەکەنەوە.

سودانی لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا نووسیوویەتی، لەماوەی رابردوودا پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات هەڵکشان و داکشانی زۆری بەخۆیەوە بینیووە بەڵام هەمیشە دیدگایەکی هاوبەشیش لەنێوانیاندا هەبووە لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکان.

لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سودانی رایگەیاندووە، پێویستە ستراتیجی هاوبەشی خۆمان بپارێزین بە چوونە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغێک کە پشتگیری لە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بکات بەبێ دەستبەرداربوون لە هاوکارییە بەرهەمدارەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق 15ـی نیسانی ئەم مانگە سەردانی واشنتن بکات، لەوێ چاوی بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت و کۆمەڵێک پرسی گرنگ لە سەردانەکەدا باسبکرێن.