توێژینەوەیەک: بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە جیهاندا پێنج ملیار کەسی تێپەڕاندووە

بەپێی توێژینەوەی پێگەی سۆشیال نێتۆرک، سەبارەت بە ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتییەکان، لە تازەترین توێژینەوەیدا دەركەوتووە ئێستا ژمارەی بەكارهێنەرانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی جیهان گەیشتووەتە زیاتر لە پێنج ملیار كەس.

توێژینەوەكە تایبەت بە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ئەنجامدراوە، پشتیان بەكۆمپانیای (كیبیۆس) بەستووە بۆ كۆكردنەوەی ژمارەكان، دەركەوتووە ئێستا لەسەدا 62% ی دانیشتوانی جیهان، تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بەكاردێنن كە ژمارەكەیان دەگاتە زیاتر لە پێنج ملیار كەس.

راپۆرتەكە ئاماژەی بە ژمارەی بەكارهێنەرانی تۆڕی فەیسبووك كردووە كە لە سەر ئاستی جیهان دەگاتە دوو ملیار و 190 ملیۆن كەس، لەبارەی ژمارەی بەكارهێنەرانی ئینیستاگرام راپۆرتەكە دەڵێت، ژمارەی بەكارهێنەرانی گەیشتووەتە ملیارێك و 650 ملیۆن كەس، ئەویش جیاوازییەكی زۆر كەمی هەیە لەگەڵ تۆڕی تیكتۆك كە ژمارەی بەكارهێنەرانی ئەو تۆڕەش گەیشتووەتە ملیارێك و 560 ملیۆن كەس.

 راپۆرتەكە ئاماژەی بە سەختی كۆكردنەوەی ژمارەكانداوە و بە کارێکی زۆر ئەستەم ناوی بردووە بەهۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆر لەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانەدا، ئەکاونتی جۆراو جۆر و ناوی خوازراو بەکاردەهێنن و بۆ گەیشتن بەراستییەکان کاتێکی زۆریان وویستووە.