وەزیرێکی پێشووتری ئیسرائیل:  شەڕی غەززە بە شکستی ستراتیژی ئێمە کۆتایی ھاتووە

گەیاندنى هاوکاریى مرۆیى لەرێگەى ئاسمانەوە بە هاوڵاتییانى کەرتى غەززە.

وەزیری پێشووتری دادی ئیسرائیل، رایگەیاند، ئامانجەکانی شەڕی غەززە بەدی نەھاتوون و پێویستە سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ھێرزی ھالێڤی بەرپرسیارێتی لەوبارەیەوە لە ئەستۆ بگرێت و دەستلەکار بکێشێتەوە.

ھایم رامۆن، وەزیری پێشووتری دادی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو شەڕەی کە حکوومەتەکەی بێنیامین ناتانیاھو بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات، "بە شکستی ستراتیژی ئیسرائیل"، کۆتایی ھاتووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "Maariv"ی ئیسرائیلی، ھایم رامۆن لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەوەی کە ئایا شەڕی غەززە کۆتایی ھاتووە، گوتویەتی: "بەداخەوە بەڵێ، بەداخەوە سەرکەوتنێکی تاکتیکی ھەیە، بەڵام شکستێکی ستراتیژیش ھەیە، ھیچ یەکێک لەو ئامانجانەی حکوومەت داینابوون، بەدی نەھاتوون".

ڕاشیگەیاندووە، "ھێرشی وشکانی بە شێوەیەکی ھەڵە دەستیپێکردووە و تەنھا بە قورسی بەرەو باکووری کەرتی غەززە ئەنجامدراوە".

ھەروەھا گوتوویەتی: "ئێمە یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئاوارەمان گواستەوە بۆ باشوور، ئێستاش ناچینە ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە، چونکە ئەو یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئاوارەی تیایدایە، ئەوە کێشەی ئەمریکا نییە، بەڵکو کێشەی ئێمەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "شەش مانگ لەمەوبەر، چووینە نێو ئەم شەڕەوە، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی حەماس لەڕووی سەربازییەوە لەناو ببرێت، ھەرچەندە سوپای ئیسرائیل گورزی توندیان لە حەماس وەشاندووە، بەڵام تا ئێستا حەماس لەسەر پێی خۆی وەستاوە".

وەزیری پێشووتری دادی ئیسرائیل، راشیگەیاندووە کە ئامانجەکانی شەڕی غەززە بەدی نەھاتوون و پێویستە سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ھێرزی ھالێڤی بەرپرسیارێتی لەوبارەیەوە لە ئەستۆ بگرێت و دەستلەکار بکێشێتەوە.