شازادە هاری و مێگانی هاوسەری

شازادەی بەریتانیا و هاوسەرەکەی دەبنە بەرهەمێنەری دوو زنجیرە نوێی نێتفلیکس

شازادە هاری، شازادەی سەسێکس و هاوسەرەکەی، بەردەوامن لە بەرهەمهێنان بۆ نێتفلیکس لە دوای واژووکردنی گرێبەستەکەیان لە ساڵی 2020دا، کە دەگوترا ڕێکەوتنێکی 100 ملیۆن یۆرۆیی بووە.

کۆمپانیەکەی ئەو دوو هاوسەرە شاهانەییە بە ناوی کۆمپانیای ئارچوێڵ پرۆداکشنز تا ئێستا دوو دۆکیۆمێنتاری بەرهەمهێناوە بۆ نێتفلیکس.

زنجیرەی یەکەم لەلایەن مێگانی هاوسەری هاریەوە سەرپەرشتی دەکرێت و باس لە خواردن ئامادەکردن و باخداری، کات بەسەربردن، و هاوڕێیەتی دەکات.

ئەمەش لە دوای ڕاگەیاندنی کارێکی بازرگانی نوێی دیکەی مێگان دێت، کە کار لەسەر شێوازی ژیان دەکات و بەناوی American Riviera Orchard.

دووەم زنجیرە باس لە وەرزشی پۆلۆ دەکات کە زۆرینەی لە پاڵەوانێتی پۆلۆی کراوەی ئەمریکا لە ویلنگتۆن لە ویلایەتی فلۆریدا وێنەگیراوە.

هەردوو زنجیرەکە لە قۆناغی سەرەتایی بەرهەمهێناندان و هێشتا باس لە ناونیشان و وادەی بڵاوکردنەوەیان نەکراوە.

شازادە هاری ساڵی 2020 دەستبەرداری خێزانی شاهانەیی بوو. هەر لە دوای ئەو بڕیارەیەوە خۆی و هاوسەرەکەی بوونەتە جێی باس و خواستی میدیاکان.

هەر هەمان ساڵ یەکەم زنجیەرەیان بەرهەمهێنا کە خۆیان رۆڵی سەرەکییان تێدا دەبینی و باسی دەستبەرداربوونیان لە ئەرکە شاهانەییەکان و ڕۆیشتنیان بۆ ئەمریکا دەکرد.