زانیارى لەسەر ئەو تەنەى بە ئاسمانى هەرێمى کوردستاندا تێپەڕى

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان و چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  شوێنەواری رووناکییەک بینرا، ئەوەش دڵەڕاوكێی زۆری دروستکرد، کە گومانی ئەوە دەکرا ئێران هێرشی مووشەکیی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردبێت.

سەرەتا هیچ زانیارییەک لەبارەی سەرچاوە و هۆکاری تێپەڕینی رووناکییەکە نەبوو، هەربۆیە ئیسرائیل و ئۆکرانیا هۆشداریی توندیان راگەیاند.

بەگوێرەى زانیارییە سەرەتاییەکان، سوپای رووسیا مووشەکێکی کیشوەربڕی تاقیکردووەتەوە، هەر بۆیە لەکاتی تێپەڕینی مووشەکەکە بە ئاسماندا لە زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکەوە تێبینیکراوە.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشکرایکرد، سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، سوپای رووسیا مووشەکێکی کیشوەربڕی لە بنکەی کابوستین یاری سەربازیی تاقیکردووەتەوە، کە دەکەوێتە نزیکی رووباری ڤۆڵگا لە بەشی رۆژئاوای وڵاتەکەیان.

لەلایەکی دیکەوە ئۆکرانیا سیستمی بڵندگۆی ئاگادارکردنەوەی بۆ دانیشتووانی وڵاتەکەی کارپێکرد و مەترسیی ئەوەیان هەبوو کە هێرشی مووشەکی ئەتۆمیی لە رووسیاوە بەرامبەر وڵاتەکەیان دەستیپێکردبێت، بەڵام دواتر هۆشدارییەکەی هەڵوەشاندەوە.