ئەمریکا پشتیوانیی سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت

كاروانێكی سەربازیی سوپای ئەمریكا

لەسەروبەندی مەترسییەکانی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە لایەن ئێرانەوە، ئەمریکا پشتیوانیی سەربازیی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت.

ئەمریکا رایگەیاندووە، هێز و پشتیوانیی سەربازیی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت، ئەمەش لەسەروبەری زیادبوونی مەترسیەکانی ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازییە لە لایەن ئێرانەوە بۆسەر ئیسرائیل.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا لە واشنتۆن رایگەیاندووە، ئەوان پشتیوانیی زیاتر بۆ ناوچەکە دەنێرن بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی خۆپاراستن لەو ناوچەیە و پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئێران بەڵێنیداوە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەیان لە دیمەشق بداتەوە، کە لە 1ـی نیسانی ئەمساڵدا لە دیمەشق ئەنجامدرا و بووەهۆی کوژرانی دوو ئەفسەری سوپای پاسداران و وێرانکردنی باڵەخانەی کونسوڵخانەکەیان، ئەمەش گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی زیاترکردووە.

یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی هەینی 12ـی نیسانی 2024، دوای دیدارەکەی لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ژەنەڕاڵ ئێریک کورێلا، کە لە سەردانێکدایە لە تەلئەڤیڤ رایگەیاند، ئیسرائیل و ئەمریکا پێکەوە رووبەڕووی ئێران دەبنەوە.