ئەپیکۆر: زیانی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان 14.5 ملیار دۆلارە

گڕی کێڵگەیەکی نەوت لە کەرکوک. فۆتۆ: AP

کۆمەڵەى پیشەسازیى نەوتى کوردستان رایگەیاند، سەردانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ئەمریکا دەرفەتێکە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان و جەخت دەکەنەوە زیانەکانى راوەستانى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان نزیکەى 15ملیار دۆلار بووە.

لەراگەیەندراوێکى کۆمەڵەى پیشەسازیى نەوتى کوردستاندا هاتووە، سەردانى محمد شیاع سودانى بۆ ئەمریکا هۆکارێکە بۆ کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییەی لەبابەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان هەیە.

ئەپیکۆر جەختدەکاتەوە، كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكۆر پابەندن بە گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەن، ببێتەهۆی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.

ئەپیکۆر بەگەشبینییەوە لەسەردانەکەى سودانى بۆ ئەمریکا دەڕوانێت و رایدەگەیەنێت، كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی جۆ بایدن و سەرۆكوەزیران سودانی لە كۆشكی سپی، دەرفەتێكە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك لەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵگرتنی بەربەستێكی سەرەكی لەبەردەم وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی لە عێراق.

لەبارەى هەنگاوەکانى هەناردەکردنەوەى نەوت لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئۆكتۆبەری 2023 توركیا بە فەرمی رایگەیاندووە ئامادەیە بۆ دەستپێكردنە وەی هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیاوە، بەڵام تا ئێستاش هەناردە راگیراوە. بەهۆیەوە رۆژانە بازاری وزەی جیهان نزیكەی 400 هەزار بەرمیل نەوت لەدەست دەدات، ئەمەش بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان، نەبوونی رێككەوتنێكیش بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت زیانی 14.5 ملیار دۆلاری بە داهاتی عێراق گەیاندووە.

مایڵز كاگینز گوتەبێژی ئەپیكۆر رایگەیاند: "كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكۆر بەپەرۆشن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی هاوبەش و بەسوود لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا. هەبوونی سێكتەرێكی بەهێزی نەوت و گاز دەبێتە هۆی راكێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی و لەبەرژەوەندیی هەموو خەڵكی عێراقە".

ئەپیكۆر تێبینی ئەوەیكردووە، ئەمریكا لە مانگی ئازاری 2024 رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە هاوردەكردووە، ئەمەش نەوتی هەرێمی كوردستانی تێدا نەبووە، سەرەڕای ئەوەی حكومەتی ئەمریكا بە قەبارەی 300 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی راستەوخۆی لە پەرەپێدانی سێكتەری نەوت و گازی هەرێمی كوردستان هەیە.