ئیسرائیل: بەڵگەمان دەستکەوتووە ئێران پشتیوانیی دارایی حەماسی کردووە

چەند چەکدارێکی گرووپی حەماس فۆتۆ: رۆیتەرز
چەند چەکدارێکی گرووپی حەماس فۆتۆ: رۆیتەرز

رۆژنامەی 'تایمز'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، ئیسرائیل چەندین نامەی نهێنیی لەلایە، کە رادەی پشتیوانیی ئێران بۆ بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستین ئاشکرا دەکات.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو نامە نووسراوانە ئاراستەی کەسێک کراون بەناوی 'ئەبو ئیبراهیم' کە لە ئاستە جیهانییەکەدا بە 'یەحیا ئەلسنوار' ناسراوە و سەرکردەی بزووتنەوەی حەماسە لە کەرتی غەززە.

هاوپێچێک لەگەڵ یەکێک لە نامەکاندا، خشتەی پارەدان لەلایەن ئێرانەوە لەنێوان ساڵانی 2014 تاوەکو 2020 دانراوە.

رۆژنامەی 'تایمز' روونیکردەوەتەوە، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل ئەو نامانە، کە لە کاتی شەڕی غەززەدا دۆزراونەتەوە، وەک بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە دادەنرێت بۆ زنجیرەیەکی بەردەوام لە پشتیوانیی دارایی تاران بۆ ئەو گرووپە چەکدارە.

یەکێک لەو نامانە لەلایەن 'مەروان عیسا'، جێگری فەرماندەی سەربازیی حەماسەوە لە غەززە نووسراوە و بەناوی 'ئەبو ئەلبەراع'ەوە واژۆی لەسەر کراوە.

لەیەكێک لە بەڵگەنامەکاندا دەرکەوتووە، لانیکەم 222 ملیۆن دۆلار لە ئێرانەوە دراوە بە بزووتنەوەکە، کە لەلایەن ئێرانەوە نێردراون بۆ حەماس.

یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، ئیسرائیل بە تۆمەتباری سەرەکی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری دەزانێت.

یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستین، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەمێکە بەشوێنییەوەن، هەڕەشەی لەناوبردنی دەکەن، ئۆباڵی وێرانبوونی کەرتی غەززە دەخەنە پاڵی.

دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەبارەیەوە دەڵێت "سنوار بکوژە، بۆ جیهان ساغبووەوە، حەماس خراپترە لە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، کاتێک کوشتارەکەی 7ی ئۆکتۆبەری رابردووی لەناو ئیسرائیل بەرپاکرد".

هاگاری دەشڵێت " بەشوێنییەوە دەبین، تا دەیدۆزینەوە و راوی دەکەین".

حکومەتی ئیسرائیل، بە فەرمی یەحیا سنوار و محەمەد زێف، سەرۆک ئەرکانی کەتیبەکانی قەسام، تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدەری هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری، ناوچەکانی ئیسرائیل لە دەورووبەری کەرتی غەززە.

مایکل میلشتاین، ئەفسەری پێشووی هەواڵگری سەربازیی ئیسرائیل دەڵێت "سنوار بەباشی تێدەگات، ئیسرائیلییەکان چۆن مامەڵە دەکەن، چۆن بیر دەکەنەوە و چۆنیش وەڵام دەدەنەوە".