لە دیمەشق تەقینەوەیەک روویدا

ئاژانسی فەرمی سووریا (سانا) لە زارى سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی پۆلیسی دیمەشق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە لە گەڕەکی مەززە بۆمبێکى چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقیوەتەوە.

روون نەبووەتەوە کێ لە پشت تەقینەوەکە بووە یان کێ کراوەتە ئامانج. سانا لە زاری سەرچاوەیەکى فەرماندەیی پۆلیسی دیمەشقەوە رایگەیاندووە، تەقینەوەکە لە گۆڕەپانى هودا روویداوە و دەنگەکەى لە ناوچەی مەززە بیستراوە و بەتەنیا زیانى ماددى لێکەوتووەتەوە.

ناوبەناو دیمەشق شایەتحاڵی رووداوە ئەمنییەکانە کە لە تەقینەوەکاندا ئۆتۆمبێلى مەدەنی یان سەربازی دەکرێنە ئامانج.

تەقینەوەکە لە ناوچەی مەززە روویداوە کە باڵیۆزخانەی ئێران و باڵیۆزخانەی وڵاتانی دیکەی تێدایە.

 هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنى گرژییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەوەش دواى هەڕەشەى ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەى کرایەسەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق و ئیسرائیلى تۆمەتبار کرد.

هێرشەکە لە یەکى نیسان کرایە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە تەنیشت باڵەخانەی باڵیۆزخانەکەو خاپووری کرد، لە ئەنجامدا حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران گیانیانلەدەستدا کە دووانیان ئەفسەری باڵا بوون.

ئێران و سووریا ئیسرائیلیان بە بەرپرسیار زانی لە هێرشەکە، بەڵام حکومەتى تەلئەڤیڤ تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.