بەرپرسێکى باڵاى کۆمارى ئیسلامیى ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل لەبەرامبەر وەڵامدانەوەى تاران لە هێرشى سەر کونسوڵخانەکەى، تووشى شڵەژانى گەورە بووە و بەگوتەى خۆى "تۆڵەسەندنەوە و لێدانە نزیکەکەى ئێران، بەرپرسانى تەلئەڤیڤى تووشى هێستریا کردووە".
ئاژانسى فەرمیى ئیرناى ئێران، لەزارى یەحیا رەحیم سەفەوى، راوێژکاری سەربازیی رێبەری ئیسلامیی ئێران بڵاویکردووەتەوە، جووەکان لە حاڵەتی ترس و تۆقیندا دەژین، هەفتەیەکە هۆشداریی بڵاودەکەنەوە و هێرشکردنەسەر رەفەحیان دواخستووە، تاوەکو ئێستا نازانن ئێران بە چ شێوازێک و چ کاتێک تۆڵەى خۆى دەکاتەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو جەنگە دەروونى، سیاسیی و میدیاییەی دروستیانکردووە، بەهێزترین ترس و تۆقاندنى لاى جووەکان دروستکردووە، وایانلێهاتووە بەشێکیان هەموو شەوێک بەرەو حەشارگەکانیان هەڵبێن لە ترسى تۆڵەسەندنەوەى ئێران.
دوای ئەوەى ئیسرائیل بۆردوومانى کونسوڵخانەى ئێرانى لە دیمەشق کرد و بەهۆیەوە 16 کەس کوژران کە لەناویاندا ژمارەیەک بەرپرسى باڵا و دوو جەنەڕاڵى سوپاى پاسدارانى تیادابوو، لەبەرامبەردا تاران بەڵێنیدا تۆڵە بکاتەوە.
هاوکات حکومەتى تەلئەڤیڤ کەوتووەتە ئامادەباشییەوە و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاش ئاشکرایکرد، هێزى زیاتر رەوانەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات، لایخۆیەوە جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند "پێشبینیدەکەن وەڵامى ئێران کاتەکەى نزیکبێت".