ئەمریکا و بەریتانیا سزای نوێیان بەسەر بەرھەمەکانی رووسیادا سەپاند

ئاڵای ئەمریکا و بەریتانیا

ھەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و بەریتانیا، ھاوردەکردنی ئەلەمینۆم، مس و نیکڵی بەرھەمھێنراوی رووسیایان قەدەغەكرد.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، واشنتن بەھەماھەنگی لەگەڵ لەندەن، بڕیاریاندا رووسیا لە داھاتەکانی فرۆشتنی کانزاکانی ئەلەمنیۆم، مس و نیکڵ بێبەشبکەن.

راشیگەیاندووە، لەچوارچێوەی بڕیارەکەدا، ئەمریکا و بەریتانیا ھاوردەکردنی ئەلەمنیۆم، مس و نیکڵی بەرھەمھێنراوی رووسی قەدەغەکردووە، ھەروەھا بازرگانیکردن بەو بەرھەمانەی رووسیا لە بۆرسە جیھانییەکانی تایبەت بە کانزاکان قەدەغەکراون.

لەو چوارچێوەدا، ئەلەمنیۆم، مس و نیکڵی بەرھەمھێنراوی رووسی لەبۆرسەی لەندەن بۆ کانزاکان و بۆرسەی بازرگانیکردن لە شیکاگۆ قەدەغەکران.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەمریکا و بەریتانیا بە ھاوبەشی ھەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆئەوەی رووسیا لە داھاتی ئەو سەرچاوە گرنگە بێبەشبکەن.

هاوکات وەزارەتی دارایی بەریتانیا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، رووسیا لەڕێگەی فرۆشتنی ئەلەمنیۆم، مس و نیکڵەوە 40 ملیار دۆلاری دەستدەکەوێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەپاندنی سزا نوێیەکەش بەسەر کانزاکانی رووسیا، لە وەڵامی ئەو جەنگەیە کە رووسیا بە نایاسایی بۆسەر ئۆکرانیا سەپاندوویەتی.