ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاساکانی نەهێشتنی لەشفرۆشی توندوتیژی و دەستدرێژی لەسەر کار تاوتوێدەکات

دانیشتنێکى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق فۆتۆ: راگەیاندنى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی رۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا، پرۆژەیاساکانی نەهێشتنی 'لەشفرۆشی، توندوتیژی و دەستدرێژی لەسەر کار'و کۆمەڵێک دۆسیەی دیکە تاوتوێدەکات.

بە گوێرەی بەڵگەنامەیەک کە شانەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران بڵاویکردووەتەوە، لە دانیشتنی ژمارە 18ـی رۆژی دووشەممە، 15ـی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی نوێنەران پرۆژەیاسای چاودێریی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان هەمواردەکاتەوە، هەروەها هەمواری پرۆژەیاسای نەهێشتنی لەشفرۆشی  و قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەش تاوتوێدەکرێت،کە بەهۆی توندوتیژیەکانی رژێمی پێشووەوە بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان لەدەستداوە.

جگە لەوەش لە هەمانرۆژدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای دامەزراوەی زیندانەسیاسییەکان دەکرێت.

لە دانیشتنی رۆژی سێشەممە، 16ـی نیسانی 2024، دەنگ لە سەر پرۆژەیاسای سکاڵا موڵکییەکان و یاسای سندووقی دانیشتووانی عێراق دەدرێت، جگەلەوەش خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای پەیوەستبوونی کۆماری عێراق بە رێککەوتنی نەهێشتنی توندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسی لەسەر کار دەکرێت، بەهەمانشێوەش دانیشتنی ژمارە 19، بەبەڵگەکردن و تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای رێکخستنەوەی وزەی نوێکراوەش لەخۆدەگرێت.