کەناڵ8 ناوەڕۆکی رێککەوتنی دانانی پارێزگاری کەرکوک ئاشکرادەکات

فۆتۆ: گوگڵ

ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک رایگەیاند، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانى پارێزگاکە رێککەوتوون پۆستى پارێزگار بەشێوەى خولیی بەڕێوەبچێت و کورد و عەرەب ئەو پۆستە بەڕێوەبەرن.

ئەحمەد کەرکوکى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک لەسەر لیستى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بەکەناڵ8ى راگەیاند، رێککەوتنکراوە پۆستى پارێزگاکە بەشێوەى خولى بەڕێوەببرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوانى گەڕانەوەى سەرۆکوەزیرانی عێراقین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، تاوەکو رێککەوتنەکە بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

راشیگەیاند، "رێککەوتنەکە کراوە، بەڵام یەکێتى هێشتا بڕیارینەداوە بەو رێککەوتنە رازیدەبێت یاخود نا".

لەلایەکى دیکەوە قەحتان وەنداوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند "بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی و دابەشکردنی پۆستەکان دوو مەرجی هەیە، ئەوەى ئەوان قسەیان لەسەریکردووە ئەوەیە پۆستى پارێزگارى کەرکوک بەشێوەى خولى بێت و پۆستە کارگێڕییەکان بەڕێژەى 32% دابەشبکرێت".

هاوکات حاتم تائی، بەرپرس لە هاوپەیمانیى عەزم بەکەناڵ8ـی گوت، "رێککەوتن نزیکە لەسەر پێکهێنانى ئیدارەی کەرکوک، دوای حەوت ساڵ لەبەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار لەلایەن عەرەبەوە، وەکو دووەم نەتەوەی براوەی هەڵبژاردن، هێشتا چاویان لە پۆستی پارێزگارە".

دواى نزیکەى چوار مانگ لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، ئاسۆى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاى کەرکوک دەرکەوتووە و پێدەچێت پارێزگارێکى نوێ شارە فرە پێکهاتەکە بەڕێوەببات.

لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و رووداوەکانى 16ـی ئۆکتۆبەر، کورد لەکەرکوک 112 پۆستی ئیداریی لەدەستداوە.

‎پرسی پۆستی پارێزگار و بەڕێوەبردنی بەشێوەى خولى، چاوەڕوانى بڕیارى کۆبوونەوەی سێیەمی نوێنەری لایەنەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراقە، تاوەکو رێککەوتنى کۆتایی لەسەر بکرێت، کە بەشێکى رێککەوتنەکە پەیوەندیدارە بەدابەشکردنى پۆستى جێگرى پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاکە.