بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان: بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی نۆژەنکردنەوەی رێگەی دۆڵی بالیسان دەستپێدەکاتەوە

رێگەی دۆڵی بالیسان. فۆتۆ: کەناڵ8

بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان رایگەیاند، بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی، سولفەیەک لە پارەی پرۆژەکە وەرگیراوە و سبەی میکانیزمی دەستپێکردنەوەی پرۆژەکە تاوتوێ دەکەین.

مەهدی مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بەهەوڵی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سولفەیەک لەپارەی پڕۆژەکە وەرگیراوە، سبەی میکانیزمی دەستپێکردنەوەی پرۆژەی رێگەی دۆڵی بالیسان لەگەڵ سەرپەرشتیاری پرۆژەکە تاوتوێ دەکەین.

نۆژەنکردنەوەی رێگەی بالیسان ماوەی سێ ساڵە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆی دابیننەکردنی بودجەی پێویستەوە، پرۆژەکە راگیراوە.

تێچووی پرۆژەکە حەوت ملیار و 699 ملیۆن دینارە و درێژیی رێگەکە 23 کیلۆمەترە، چەندجارێک دانیشتووانی دۆڵی بالیسان دژی تەواونەکردنی رێگەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و داوای چاککردنی رێگەکەیان کردووە.