راوێژکاری ئەڵمانیا: بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل دەکەین

ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا فۆتۆ: AFP

راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوان بە توندی ئیدانەی هێرشەکە دەکەن، داواشیان لە ئێران کرد سیاسەتی خۆی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت.

ئۆلاڤ شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل روونکردەوە و رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی ئێران دەکەین و هۆشداری لە ئاڵۆزترنەکردنی دۆخەکە دەدەین.

راوێژکاری ئەڵمانیا گوتیشی، پێویستە ئێران سیاسەتی کارکردنی لەناوچەکە بگۆڕێت و بەم شێوازە بەردەوام نەبێت.

شۆڵز هاوسۆزیی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە و گوتی، بێگومان ئێمە هاوسۆزی ئیسرائیلین، لەدوای هێرشەکانی حەماسەوە بۆسەر وڵاتەکەیان، هەموو مافێکی بەرگریکردن لە خۆیان هەیە.

شەوی رابردوو ئێران لەڕێگەی زیاتر لە 100 درۆن و مووشەکەوە هێرشیکردەسەر ئسیرائیل، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێرشەکەی ئێران کاریگەریی نەبووە و زۆرینەی مووشەکەکان پێشئەوەی بگەنە ئاسمانی وڵاتەکەمان، خراونەتە خوارەوە.