گروپی 7 لەسەر هێرشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل کۆدەبنەوە

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ سەرکردەکانی گروپی 7 لەبارەی هێرشەکی ئێران بۆسەر ئیسرائیل  سازکردووە، چارلز میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپاش رایگەیاند، گرووپەکە ئیدانەی هێرشەکەیان کردووە و داوای دانبەخۆدانگرتن لەهەردوولایەن دەکەن.

رۆژی یەکشەممە 14ـی نیسانی 2024، ئەنتۆنی تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لەبارەی کاردانەوەی حکومەتی تەلئەڤیڤ بۆ هێرشەکانی ئێران بۆسەر خاکەکەیان رایگەیاند، هیوادارن ئیسرائیل بە شێوەیەکی دانایانە وەڵامی هێرشەکانی ئێران بداتەوە.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕی وایە سوپای ئیسرائیل بە بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکانی ئێران، توانیوویانە سەرکەوتنێکی سەربازی بەدەستبهێنن، هەر بۆیەش بڕوای وایە سوپای ئیسرائیل دەتوانێت وەڵامی هێرشەکانی ئێران نەداتەوە.

پێشتریش جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی وەڵامدانەوەیەکی دیپلۆماسی ئێرانە لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کردیە سەر ئیسرائیل.