ئەلبومە نوێیەکەی تەیلەر سویفت دەربارەی چی دەبێت؟

بڕیارە هەینی داهاتوو، رێکەوتی 19ی نیسان، ئەلبومە نوێیەکەی خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی ئەمریکی، تەیلەر سویفت بڵاوببێتەوە و هەوادارانی لە ئاستی جیهانییدا چاوەڕوانی هەفتەیەکی پڕ لە گۆرانی و موزیکی نوێ دەکەن.

چەند رۆژێکی کەم ماوە لەبەردەم بڵاوبوونەوەی یازدەیەمین ئەلبومی گۆرانی خانمە هونەرمەند تەیلەر سویفت، بەناونیشانی "The Tortured Poets Department"، هەواداران بە چاوەڕوانییەکی گەورەوە لە سەرکەوتنی نوێی ئەستێرەکەیان دەڕووانن، بەشێکیشیان بە هاوکاریی زانیارییە بڵاوکراوەکان، پێشبینییان بۆ ناوەڕۆک و شیکردنەوەی تێکستی گۆرانییەکانی کردووە.

لەمیانی بەڕێوەچوونی مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گرامییدا، سویفت ئەلبومە نوێیەکەی ئاشکراکرد، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی زانیاریی زیاتریشدا، ئێستا هەوادارانی ئەم گۆرانیبێژە، سەرقاڵی لێکدانەوە و شیکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەلبومەکەن.

لەم ئەلبومەدا، پێشبینی چەندین هەستی جیاواز دەکرێت، سویفت هەوڵی داوە بەشێوەی جیاواز ئەلبومەکەی هەمەڕەنگ بکات، توانیویەتی ئازار، رەتکردنەوە، توڕەیی، دڵتەنگی و لەکۆتاییشدا پەسەندکردن جێبکاتەوە، بەشێک لە شیکەرەوە موزیکییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، پەیوەندییە نوێیەکەی لەگەڵ کێڵسیدا، کاریگەریی لەسەر بەرهەمهاتنی ئەم ئەلبومە دروستکردووە، بەڵام بەشێکیان دەڵێن، کاتێک سویفت دەستی بە دروستکردنی ئەم ئەلبومە کردووە، هێشتا لە پەیوەندییدا نەبووە لەگەڵ ئەم یاریزانە ئەمریکییە.

هەریەک لە هونەرمەندان، پۆست مەلۆنی و فۆلەرنس وێلش، بەشدارییان لەم ئەلبومەدا کردووە، ناویان لە لیستی تراکەکانیدا هاتووە، بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم ئەلبومە لە 16 گۆرانی پێکهاتووە و چوار تراکی زیادەش لەخۆدەگرێت.