دەستەی پەخشی ئیسرائیل: بەبڕیارى نەتەنیاهوو ئۆپەراسیۆنی رەفەح دواخرا

بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. فۆتۆ: AP

دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی زەمینیی وڵاتەکەی بۆسەر شاری رەفەح دواخست.

بڕیارەکەى بنیامین نەتەنیاهوو بۆ دواخستنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح، دوای هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران دێت بۆ سەر ئیسرائیل.

هەفتەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لە دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر رەفەح کردەوە.

هاوکات دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "هێرشەکانیان لە غەززە بەردەوامدەبێت و ئێستا بارمتەکانمان لەشارى رەفەح لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون".

گوتیشی، "هێزەکانی سوپا هەموو ئامادەکارییەک دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتییانمان".

شارى رەفەح دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە و لەدوای دەستپێکردنی جەنگەوە، زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە روویان لێکردووە، هۆشداریی روودانی کارەساتی مرۆیی دەدرێت لە ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ئەو شارە.