گوتەبێژی حکومەتی عێراق: ئامانجى سەردانەکەى سودانى کاراکردنى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیجییە

باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق. فۆتۆ: نوسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکوەزیرانى عێراق

باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، ئامانجى سەردانەکەى سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا، کاراکردنى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیجییە کە لە ساڵى 2008ـەوە واژۆکراوە و وەک پێویست جێبەجێنەکراوە.

عەوادى لە لێدوانێکدا بۆ  ئاژانسى فەرمیى عێراق ئاماژەى بەوەکرد، پەیوەندییەکانى رابردووى هەردوو وڵات تەنیا لەلایەنى ئەمنى و سەربازیدا کورتکرابووەوە، ئێستا هەوڵدەدرێت هەنگاوێکى جیاواز لە پەیوەندییەکاندا بنرێت.

روونیشیکردەوە، ئامانجى سەردانەکەى سودانى بۆ ئەمریکا، کاراکردنى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیجییە بەهەموو لایەنەکانى سیاسى، ئابوورى، وەبەرهێنان، بانکیی، وزە ە ژینگە.

گوتەبێژى حکومەتى عێراق راشیگەیاند، لە دیدارە چاوەڕوانکراوەى نێوان سودانى و بایدن، دید و بۆچوون لەبارەى ژمارەیەک دۆسیە ئاڵوگۆڕ دەکرێت، زۆرینەى ئەو پرسانەشی دەخرێنەڕوو، پێشتر لە رێگەى لیژنە لاوەکییەکانەوە رێککەوتنیان لەسەرکراوە.

سەبارەت بە دۆسییەکانى ئابوورى و وەبەرهێنان، باسم عەوادى ئاماژەى بەوەکرد، سەقامگیریى عێراق و ئەو گەرەنتییانەى حکومەت پێشکەشیکردوون، هاندەر دەبن بۆ راکێشانى کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران.