گۆتێرێس: چیدیکە ناوچەکە و جیهان بەرگەى جەنگى زیاتر ناگرن

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان. فۆتۆ: AFP

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، چیدیکە ناوچەکە و جیهان بەرگەى جەنگى زیاتر ناگرن.

لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ئاسایش لەبارەى هێرشەکانى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان لە گوتەیەکدا رایگەیاند، "سەرکۆنەى هێرشەکەى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکەم".

گوتیشى، چیدیکە ناوچەکە و جیهان بەرگەى جەنگى زیاتر ناگرن، پێویستە هەموو لایەک ئەوپڕى دانبەخۆداگرتن پیشانبدەن، پێویستە ئاگربەستى مرۆیى لە کەرتى غەززە رابگەیەندرێت.

سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان باسى لەوەشکرد، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست گەیشتووەتە لێوارى رووخان، گەلانى ناوچەکە رووبەڕووى مەترسى راستەقینە بوونەتەوە، وەکو هەڵگیرسانى کێشمەکێشى لەناوبەر، کاتى ئەوەیە بارگرژییەکان کۆنترۆڵبکرێن.