نوێنەرى ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان: هەموو جیهان بەدەست ئێرانەوە دەناڵێنێت

جەلعاد ئاردان، نوێنەرى ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان. فۆتۆ: AFP

نوێنەرى ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، هەموو جیهان بەدەست ئێرانەوە دەناڵێنێت و داواش دەکات، سەرجەم سزاکانى بەسەردا بسەپێندرێت.

جەلعاد ئاردان، نوێنەرى ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە گوتەیەکدا لە ئەنجوومەنى ئاسایش رایگەیاند، ئێران چەندین ساڵە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و مزگەوت و شوێنە ئاینییەکانى کردووەتەئامانج.

گوتیشى، "هەموو جیهان بەدەست ئێرانەوە دەناڵێنێت، بۆیە داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین، سەرجەم سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێنێت".

نوێنەرى ئیسرائیل ئاماژەى بەوەشدا، لە هێرشەکانى 7ـى تشریندا بۆ سەر ئیسرائیل، بزووتنەوەى حەماس بە چەک و پارە و پاڵپشتى ئێران ئەو هێرشانەى ئەنجامدا.

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا رایگەیاند، درۆنەکانى ئێران بۆ سەر وڵاتانى ناوچەکە و جیهان بوونەتە هەڕەشە، ئێران پشتیوانى هەموو شتێک دەکات جگە لە ئارامى ناوچەکە، گەلى ئێران بەدەست دەسەڵاتەکەیەوە دەناڵێنن و پێویستە هەموومان بەرگریى لە گەلى ئێران بکەین.