سووریا: داوا دەکەین ئەو گرووپانەی لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن لە سووریا بڕۆنەدەرەوە

قوسەی زوحاک، نوێنەری سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. فۆتۆ: AFP

قوسەی زوحاک، نوێنەری سووریا لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئیسرائیل دەیەوێت جەنگەکە فراوانبکات و چەندین وڵاتی ناوچەکە تێوەبگلێنێت، داواشدەکات ئەو گرووپانەى ئەمریکا پاڵپشتییان دەکات لە سووریا بچنە دەرەوە.

راشیگەیاند، ئەوەی لە غەززە روودەدات سەلمێنەری ئەوەیە ئیسرائیل پابەندنابێت بە یاساکانەوە، ماوەی 100 ساڵە بەردەوامە لەو رەفتارانەی و ئەمریکاش پاڵپشتی دەکات

ئەوەشی راگەیاند، داوا دەکەن ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشەکانیان بۆ سەر سووریا رابگرن و ئەمریکا و ئەو گروپانەی لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن لە خاکی سووریا بڕۆنەدەرەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سووریا مەترسی نییە بۆ سەر ئەمریکا، بەڵام ئەمریکا بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هێرش دەکاتەسەر سووریا.

نوێنەری سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راشیگەیاند، ئێران دەستدرێژییکراوەتە سەر و بەرگریی لە خۆی کردووە، ئەو وەڵامە مافی خۆیەتی و دەبێت هەموو وڵاتان پابەندبن بە رێزگرتن لە سەروەریی خاکی وڵاتانی دیکەوە.