سێنتکۆم: لە شەوى هێرشەکانى ئێران زیاتر لە 80 درۆن و شەش مووشەکمان تێکشاند

دیمەنى مووشەک و درۆنەکانى ئێران بەسەر ئاسمانى ئیسرائیلەوە. فۆتۆ: AFP

سوپاى ئەمریکا ئاشکرایکرد، لە شەوى هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە 80 درۆن و شەش مووشەکیان تێکشاندووە، کە لە ئێران و یەمەنەوە ئاڕاستەکرابوون.

فەرماندەیی ناوەندى هێزەکانى ئەمریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس بڵاویکردووەتەوە، لە شەوى هێرشەکانى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لە رێگەى کەشتییە جەنگییەکانیانەوە زیاتر لە 80 درۆن و شەش مووشەکیان تێکشکاندووە، کە لە ئێران و یەمەنەوە ئاڕاستەى ئیسرائیل کرابوون.

روونیشکراوەتەوە، یەکێک لە مووشەکەکان کە بالیستى بوو لەگەڵ حەوت درۆن لەناو خاکى یەمەن لەناوبراون، کە ئامادەکرابوون بۆ هەڵدانیان بەرەو ئیسرائیل.

سوپاى ئەمریکا ئاماژەى بەوەشکردووە، "هەڵوێستە سەرکێشییەکانى ئێران سەقامگیریى نێودەوڵەتى و سەلامەتى هێزەکانى ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانمان دەخاتە مەترسییەوە".

باس لەوەشکراوە، سوپاى ئەمریکا پاڵپشتى هێزى بەرگریى ئیسرائیل دەکات دژى هەر کارێکى مەترسیدار کە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامبدرێت، بەردەوامیشدەبن لە کارکردن لەگەڵ سەرجەم هاوبەشە هەرێمییەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنى ئاسایشى هەرێمیى.