حوسییەکان: ئەمریکا و بەریتانیا هێرشیان کردەسەر تەعز

فڕینى فڕۆکەیەک لەسەر کەشتیهەڵگرى ئەمریکى USS Dwight D. Eisenhower کە لە دەریاى سوورە بۆ بەرپەرچدانەوەى حوسییەکان. فۆتۆ: AP

چەکدارانی حوسی لە یەمەن رایانگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە ئاسمانەوە هێرشیان کردووەتەسەر پارێزگای تەعز.

کەناڵی تەلەفزیۆنی مەسیرە، کە نزیکە لە چەکدارانی حوسییەوە بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوبەشی و لە ئاسمانەوە هێرشیان کردووەتەسەر پارێزگای تەعز لە یەمەن.

روونیشکراوەتەوە، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لەو هێرشەیاندا چەند شوێنێکیان لە تەعز کردووەتەئامانج، بەبێ ئەوەى ئاماژە بە زیانەکانى هێرشەکە بکرێت.

تەعز دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای یەمەن و لەسەر لێوارەکانی دەریای سوور و گەرووی بابول مەندەبدایە، چەکدارانی حوسی لە یەمەن تاوەکو ئێستا لەو سنوورەوە ژمارەیەک هێرشیان کردووەتەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب.