ئەمڕۆ سودانی و بایدن کۆدەبنەوە

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق.

بڕیارە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەی لوتکە لەنێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.

سەردانەکەی سودانى بۆ ئەمریکا پێنج رۆژ دەخایەنێت و جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بایدن لە کۆشکی سپی، بڕیارە لەگەڵ برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە و جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆببێتەوە.

سودانی لە سەردانەکەیدا، سەردانی رەوەندی عێراقی لە ویلایەتەکانی میشیگن و هیوستن دەکات و بەشداریش لە خوانێکی باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن دەکات.

سەرۆککوەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئابووری و بازرگانی، جێگری وەزیری گەنجینە و ژووری بازرگانیی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و لەو کۆبوونەوانەدا باس لە دەرفەتە ئابوورییەکان و پرۆژەی گرنگ و کەرتی وزە لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەکرێت.

لە سەردانەکەی سودانیدا، باسیش لە بابەتەکانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، توانای سەربازیی هێزەکانی عێراق و مەترسییەکانی داعش دەکرێت.

هاوکات، لە چوارچێوەی خشتەیەکدا تاوتوێی بابەتی کشانەوە، یاخود مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و رێکخستنی چۆنییەتیی پەیوەندیی ئەو هێزانە و حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی نوێ دەکرێت.