ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەبارەى پرۆژەیاساى قەدەغەکردنى لەشفرۆشى کۆدەبێتەوە

دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق فۆتۆ: ماڵپەری فەرمیی پەرلەمانی عێراق

ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ لەسەر دوو پرۆژەیاسا دەدرێت و خوێدنەوەى یەکەم بۆ پرۆژەیاسایەکیش دەکرێت.

لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، پرۆسەى دەنگدان لەسەر دووپرۆژە یاسا بەڕێوەدەچێت ئەوانیش، پرۆژەیاساى هەموارى یەکەمى یاساى قەدەغەکردنى لەشفرۆشى ژمارە 8ـی ساڵى1988 و پرۆژەیاساى هەموارى یەکەمى ياساى چاودێریى خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى نوێنەران خوێندنەوەى یەکەم بۆ هەموارى سێیەمى یاساى قەرەبووکردنەوەى ئەو کەسانە دەکرێت کە بەهۆى رژێمى پێشووى عێراقەوە ئەندامێکی جەستەیان لەدەستداوە.

پێنج مانگ تێدەپەڕێت بەسەر دوورخستنەوەى محەمەد حەلبوسى لە سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، سەرەڕای ئەوەی بەگوێرەى دابەشکاریى پۆستە سیادییەکان لەعێراق، پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەن پشکى پێکهاتەى سوننەیە، بەڵام ماوەى پێنج مانگە جێگرى سەرۆک کە لە پێکهاتەى شیعەیە ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات.

بەشێک لە پەرلەمانتاران جەخت لەوە دەکەنەوە بەهۆى هەڵنەبژاردنى سەرۆکێکى نوێ بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەنجوومەن ناتوانێت ئێستا دەست بۆ پرۆژەیاسا گرنگەکانى نەوت و گاز و پرۆژەیاساى هەموارى بودجەى فیدراڵى ببات.