سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل: هەڵەی ئێمە ئەوەیە هێشتوومانە ئێران بمێنێتەوە

نافتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل

سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل رایگەیاند، هەڵەی ستراتیجیی ئیسرائیل لە30 ساڵی رابردوودا ئەوەبوو هێشتوویەتی ئێران بمێنێتەوە، دەبێت لەمەودوا رێبازمان لە گەڵ تاران بگۆڕین.

نافتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوویەتی، دەبێت رێبازی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بگۆڕێت، هەڵەی ئێمە ئەوەبوو لە 30 ساڵی رابردوودا لە ناومان نەبردوون، دەشڵێت، تاران هەڵەیەکی گەورەی کرد بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

بێنێت نوسیوویەتی، "لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا حکومەتی ئێران لەرێگەی بریکارەکانییەوە ناوچەکەی وێرانکردووە، سەری ئەم مارە ترسناکە لە تارانە و باقیەکەی دیکەی لە لوبنان، یەمەن، عێراق، سوریا و غەززەیە، مەلاکان کەسانی دیکە دەنێرن بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستیی ترسناک و ئەوانیش بۆ مەلاکان دەمرن".

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، چاوەڕێی ئەوە ناکەین کەس شەڕمان بۆ بکات، ئێمە خۆمان ئەو کارە دەکەین، بەڵام چاوەڕوانین هاوپەیمانەکانمان پشتیوانیمان بکەن، بەتایبەت کاتێک دۆخەکە سەخت دەبێت، ئێستاش دۆخەکە سەختە بۆ ئێمە.

سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە کۆتایی نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشی کۆماری ئیسلامی تەنیا ژاوەژاوێک بوو، بەبێ ئەوەی زیانێکی گەورە بە ئیسرائیل بگەیەنێت.

ئەمە لەکاتێکدایە بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، جۆ بایدن بە بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی گوتووە، ئەمریکا بەشداریی لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەرانە دژی کۆماری ئیسلامی ناکات.

هاوکات لە چەند هەفتەی رابردووداشدا  پەیوەندییەکانی نەتانیاهۆ لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا ئاڵۆزی تێکەوتووە، جاک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ ناتانیاهۆ.