گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: بەدوای پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا ناگەڕێین

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران. فۆتۆ:AP

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران بەدوای پەرەسەندنەکانی ناوچەکەوە نییە و هێرشەکانیشمان بۆسەر ئیسرائیل، بەهۆی نەبوونی هەڵوێستی پێویستبوو لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەوە دژی هەنگاو و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی نیسانی 2024، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران نایەوێت پەرە بە گرژییەکانی ناوچەکە بدات و پابەندە بە ئامانجەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە.

گوتیشی، بە هۆی نەبوونی کردەوەی پێویست و شیاو لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ئەنجامی هەڵسوکەوتی نابەرپرسانەی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا، ئێران بۆ پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل هەنگاوی ناوە

کەنعانی راشیگەیاند، ئەوەش کە ئەنجامماندا بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە ئەمنی و نیشتمانییەکانی خۆمان بووە.

هاوکات ئەمڕۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ لە راپۆرتێکی شیکاریدا پێشبینی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئیسرائیل دواناکەوێت لە وەڵامدانەوە و پێدەچێت ئەمڕۆ دووشەممە هێرشی پێچەوانە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستپێبکات.