وەزارەتی دارایی داوای لیستی مووچەی مانگی نیسان لە گەنجینەکان دەکات

دیناری عێراقی فۆتۆ: حەمەسوور- کەناڵ8

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوا لە گەنجینەکان دەکات ئەمڕۆ لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەت، دەستە و فەرمانگەکانیان ئاڕاستە بکەن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، داوایان لە گەنجینەکان کردووە، ئەمڕۆ تاوەکو کۆتایی دەوام، لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەت، دەستە و فەرمانگەکانیان بۆ بنێرن.

گوتیشی، پێشتر گەنجینەکانیان لەوە ئاگادارکردووەتەوە ئامادەکاری بکەن بۆ ناردنی لیستی مووچە و ئەمڕۆ داوایانلێکردوون لیستەکە بنێرن.

ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر گرفت نەیەتە پێشەوە، لەماوەی دوو بۆ سێ رۆژدا وردبینی لە لیستەکەدا دەکرێت و پێش 20ـی مانگ بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت.

بڕیارە لەدوای 20ی مانگ، لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان بکرێت و چاوەڕواندەکرێت پێش کۆتایی مانگ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بنێردرێت.