کەشناسی: ئەمڕۆ ئەگەری تاوەباران و خۆڵبارین هەیە

سلێمانی لە کەشێکی باراناویدا فۆتۆ: حەمە سوور/ کەناڵ8
سلێمانی لە کەشێکی باراناویدا فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە هەندێک لە ناوچەکان ئەگەری تاوەباران و خۆڵبارین دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینیی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی نیسانی 2024، ئاسمانی هەرێمی کوردستان هەور بۆ نیمچەهەور دەگۆرێت و ئەگەری تاوەباران و بروسکە هەیە لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان بە تایبەت ناوچە سنووریەکان و قەزای شەنگال و دەوروبەری و لە هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک.

بە گوێرەی پێشبینیی کەشناسی، ئەمڕۆ ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک لە ناوچەکانی باشوور و رۆژئاوای هەرێمی کوردستان هەیە و لەکاتەکانی شەودا کەشەکە جێگیردەبێتەوە و ئاسمان بەرەو ساماڵ دەگۆرێت.

هاوکات دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، شەپۆلێکی خۆڵبارین عێراقی گرتووەتەوە و لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە کاریگەری ئەو خۆڵبارینە بە چڕی دەگاتە سەر ناوچەکانمان، بە تایبەت پارێگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان، بەڵام لە سەنتەری لە سەنتەری پارێزگاکان کاریگەری کەمتر دەبێت  و لە ماوەی 24 کاتژمێردا خۆڵبارینەکە کۆتایی دێت.

لەبارەی کەشوهەوای سبەی سێشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی پەڵەهەوری جیاجیا، خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت و پلەی گەرما 1 بۆ 3 پلە بەرزدەبێتەوە بەراورد بە ئەمڕۆ.