بەڕێوەبەڕى شارۆچکەى بالیسان: مووچەى بریندارانى چەکى کیمیایى بڕدراوە

تابلۆی کەسوکاری قوربانییەک

بەڕێوەبەرى شارۆچکەى بالیسان رایدەگەیەنێت "تاوەکو ئێستا کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان قەرەبوو نەکراونەتەوە، دەشڵێت: "حکومەتى هەرێمى کوردستان مووچەى بریندارانى چەکى کیمیایى بالیسانى بڕیوە".

مەهدى موستەفا، بەڕێوەبەرى شارۆچکەى بالیسان بە کەناڵ8ی راگەیاند، دواى 37 ساڵ تاوانى كيميابارانكردنى باليسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵى خۆشناوه‌تى، تاوەکو ئێستا کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان قەرەبوو نەکراونەتەوە.

گوتیشى، "حکومەتى هەرێمی کوردستان ژمارەیەک خانووى بۆ کەسوکارى شەهیدان دروستکردووە، بەڵام کەموکوڕى زۆرى تێدایە و وەک پێویست خزمەتگوزارییەکانى بۆ ئەنجامنەدراوە.

دەشڵێت، حکومەتى هەرێمى کوردستان مووچەى بریندارانى چەکى کیمیایى لە سنوورەکە بڕیوە و بەشێک لە بریندارەکانیش پێویستیان بەوەیە بۆ چارەسەر رەوانەى دەرەوەى وڵات بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا یەک بریندارى سنوورەکەیان نەنێردراوەتە دەرەوە بۆ وەرگرتنى چارەسەر.

رۆژی 16ی نیسانی ئەمساڵ، 37 ساڵ بەسەر کیمیابارانى دۆڵى بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵى خۆشناوەتى تێدەپەڕێت، کیمیابارانکردنى گوندەکانى دەڤەرى خۆشناوەتى یەکەم هەوڵى بەکارهێنانى چەکى کیمیایی بوو لەلایەن رژێمى سەدام حسێن دژى گەلى کورد.

لە 16ی نسانى 1987دا حەوت گوندى دەڤەرى خۆشناوەتى کەوتنە بەر بۆردومانکردن بەچەکى کیمیایی، بەهۆیەوە 263 هاووڵاتى شەهید بوون و ژمارەیەکى زۆر زیاتر بریندار بوون، لەکاتى گواستنەوەى بریندارەکان بۆ هەولێر بەمەبەستى چارەسەرکردن، رژێمى بەعس ژمارەیەک لەبریندارەکانى رفاند و دواى راپەرین تەرمەکانیان لە گۆڕێکى بەکۆمەڵ لە کارگەى قیرى هەولێر دۆزرایەوە.

ئێستا زیاتر لە 300 هاونیشتمانیى ناوچەکە ئاسەوارى کیمیابارانکردنى دۆڵى خۆشناوەتى لەسەر جەستەیان ماوە.

وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان داوادەکات، حکومەتى فیدراڵ چیتر پرسی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشوو دوانەخات و بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ماددەکانی (112) و (132)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق بۆ گەشەپێدانی ناوچە کارەساتبارەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی بەعس.