دواین زانیارى لەبارەى سێ مووچەکەى ساڵى رابردووى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەڵێت، بە پشتیوانى ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجومەن، بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ پێدانى ئەو سێ مووچەى ساڵى 2023ـى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان کە شایستەیان بووە و وەریان نەگرتووە.

سۆران عومەر، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عیراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند، لە 21ـى شوبات بڕیارى دادگاى فیدراڵى بۆ دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەرچوو، لە 25ـى شوبات بە واژۆى 25 پەرلەمانتار داواى لە ئەنجوومەنى وەزیران کردووە ئەو سێ مووچەیە بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بنێرێت.

گوتیشى، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران لەوەڵامدا گوتوویانە، پابەندن بە یاساى بودجە و بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى، روونکردنەوەى زیاترییان نەداوە کە ئایا ئەو سێ مووچەیە بۆ هەرێمى کوردستان دەنێن یاخود نا، بۆیە وەڵامەکەى ئەنجوومەنى وەزیران و واژۆى پەرلەمانتارانیان کردووەتە یاداشتێکى دیکە و ئاڕاستەى دادگاى فیدراڵییانکردووە بۆ ئەوەى ئەوان بڕیاربدەن لەبارەى سێ مووچەکەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بۆ کۆتایی ساڵى 2023.

سۆران عومەر باسى لەوەشکرد، عێراق کیشەى سیولەى نییە و مانگانە لەسەرەتاى مانگ تاوەکو 25ـى هەموو مانگێک مووچەى موچەخۆرانى خۆى دابەشدەکات، دواى 25ـى مانگ مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانیش خەرج دەکرێت، بەڵام مانگانە پێویستە هەرێمى کوردستان (میزان مراجەعە) بنێرێتە وەزارەتى دارایی عێراق.

لەساڵى 2023 مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان تەنیا نۆ مووچەى ئەو ساڵەیان وەرگرت و حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆتایی ساڵ رایگەیاند، ئەو سێ مووچەیە لە ئەستۆى حکومەتى عێراقى فیدراڵە.