ئيسرائيل: وەڵامدانەوەمان بۆ هێرشەکەی ئێران سەقامگيریی ناوچەکە ناخاتە مەترسييەوە

دیمەنى هێرشەکەى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەى لەلایەن سیستمى بەرگریى ئیسرائیلەوە. فۆتۆ: AP

دەستەی پەخشی ئيسرائيل رايگەياند، تەلئەڤيڤ نامەيەکی بۆ وڵاتانی ناوچەکە ناردووە و دڵنيايیداوە لەوەى، وەڵامدانەوەيان بۆ هێرشەکەی ئێران سەقامگيریی ناوچەکە ناخاتە مەترسييەوە.

دەستەی پەخشی ئيسرائيل کە ميديای فەرمی وڵاتەکەيە، لە زاری سەرچاوەيەک لە هێزەکانی بەرگریی ئاسمانيى وڵاتەکەیەوە بڵاویکردووەتەوە، سەرکردە سياسی و سەربازييەکانی ئيسرائيل بڕياريانداوە بە روونی و دەستبەجێ وەڵامی هێرشەکەی ئێران بدەنەوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە، هێزە ئاسمانييەکان ئامادەکارييەکانيان بۆ وەڵامدانەوە تەواوکردووە، ئامانجەکەيان ئەوەيە رێگریی لە ئێران بکەن لە دروستکردنی هاوکێشەيەکی نوێ.

راپۆرتە ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، پێدەچێت وەڵامدانەوەی تاران بەشێوەیەک بێت کە نەتوانێت ناوچەکە پەلکێش بکاتە ناو شەڕێکی هەمەلایەنە و بە شێوەیەک دەبێت، ئەمریکییەکان بتوانن قبووڵی بکەن.

هاوکات، رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرای کردووە، ئەنجوومەنی جەنگی ئیسرائیل باسیان لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئێران کردووە، بەشێوەیەک کە دڵنیابێت لەوەی هاوپەیمانان توڕە ناکات و دەرفەتێک بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تاران لەبار نابات.

کاربەدەستانی ئەمریکاش پێشبينی دەکەن، ئەگەری وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لە رووی پانتاییەوە سنووردار دەبێت، پێشنیازیان کردووە، وەڵامدانەوەکە بریتیبێت لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئێران و ئەو بریکارانەی کە تاران پشتیوانییان لێدەکات، لە دەرەوەی خاکی ئێران.