خانەی جلوبەرگی "دیۆ" نوێترین نمایشی خۆی ئەنجامدا

خانەی جلوبەرگ و جوانکارییەکانی کریستیان دیۆ، نمایشێکی تایبەتی لە شاری نیو یۆرکی وڵاتی ئەمریکا ئەنجامدا و چەندین جلوبەرگی جیاوازی لەچوارچێوەی کۆکراوەیەکی نوێدا ئاشکراکرد.

لە نوێترین نمایشی جلوبەرگی خۆیدا، کۆمپانیا و براندی بەناوبانگی کریستیان دیۆ، ناسراو بە دیۆ، کۆکراوەیەکی تایبەتی لە شاری نیو یۆرک نمایشکرد بە وەرگرتنی ئیلهام لە خانمە ئەکتەر و گۆرانیبێژی دیاری قۆناغی کلاسیکی ئەمریکا بەناوی مارلین دیەتریش.

کۆکراوەی پاییزەی دیۆ، لە چەندین پارچە جلوبەرگی کلاسیکیی پێکهاتبوو، تیایدا ستایشی مۆدە و بەرگی سییەکانی سەدەی رابردووی هۆڵیوود کرا و خانمە نمایشکارەکان بۆ جارێکی دیکە، مۆدەی بەنزیکەی 100 ساڵ لەمەوبەریان نیشانی ئامادەبووان دا.

کۆمپانیا و براندی جیهانیی کریستیان دیۆ، یەکێکە لە ناسراوترین کۆمپانیاکانی بواری دروستکردنی جلوبەرگ و جوانکاری و پێداویستیی خانمان، لەلایەن بێرنارد ئارنۆڵتی فەڕەنسییەوە خاوەندارێتیی دەکرێت و ساڵانە دەیان نمایشی جیاوازی جلوبەرگ لە سەرانسەری جیهان ئەنجامدەدات.

ئەم کۆمپانیایە، ساڵی 1946 لەسەر دەستی دیزاینەری جلوبەرگی فەرەنسی کریستیان دیۆ دامەزراوە و لە سەرانسەری جیهاندا بەنزیکەی 200 هەزار کارمەندی هەیە، بەهای کۆمپانیاکەش لە ئاستی بازاڕدا زیاترە لە 134 ملیار دۆلار.