لەهێرشێکى ئیسرائیلدا بۆ سەر لوبنان سەرکردەیەکى حیزبوڵا کوژرا

وێنەیەکى وەرگیراو لە ڤیدیۆى بۆردوومانەکەى ئیسرائیل و کوژرانى سەرکردەکەى حیزبوڵا.

سەرچاوەیەکى نزیک لە حیزبوڵا بە ئاژانسى فرانس پرێسى راگەیاند، لە بۆردوومانێکى ئیسرائیلدا بۆ سەر باشوورى لوبنان، سەرکردەیەکى مەیدانى حیزبوڵا کوژراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوە کردووە "سەرکردە مەیدانییەکەى حیزبوڵا بەرپرسى ناوچەى ناقورە بووە و لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا، گیانیلەدەستداوە".

بەگوێرەى ئاژانسەکە سەرکردەکەى حیزبوڵا لەنێو ئۆتۆمبیلێکدا بووە لە گوندى عین بعال لە دوورى 15 کیلۆمەتر لە نزیکترین خاڵى سنوورى لەگەڵ ئیسرائیل.

هاوکات سوپاى ئیسرائیل ناسنامەى سەرکردە مەیدانییەکەى حیزبوڵاى ئاشکرا کرد کە لەباشوورى لوبنان بەئامانجگیراوە و رایگەیاند "ئەو کەسەى کراوەتە ئامانج ناوى ئیسماعیل یوسف بازە" و حیزبولاش لەراگەیەندراوێکدا هەواڵەکەى پشتڕاستکردەوە.