سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەوە

کۆبوونەوەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ شاندێکى وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ واشنتن، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەوە و پرسی چاکسازیی لەسیستمی دارایی و بانکی عێراق، گفتوگۆی وردی لەبارەوە کرا، بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک دیداری دیکە ئەنجامبدات.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانى عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لەچوارچێوەی ئەجێندای کۆبوونەوەکانی، سودانی، چاوی بە والی ئەدییەمۆ، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کەوت و تێیدا جەخت لەسەر هاوکاریی و هەماهەنگی هەردوولا لەبوارەکانی دارایی، بانک و ئابووریی کرایەوە.

هەر بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە و تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەش بریتیبووە لە پرسی چاکسازیی لە سیستمی بانکیی و دارایی عێراقدا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایکردووە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هاوکاربێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سیستمی بانکی عێراق، بەجۆرێک لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت.

پێشتر، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا داوایکردبوو، عێراق چاکسازیی لە سیستمی بانکیدا بکات و بۆ ئەوەش چەند رێکارێکی خستەڕوو.

بە گوێرەی کارنامەی سەردانەکەی، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی نیسانی 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیى ئەمریکا کۆبێتەوە، لە دیدارەکەدا هەریەک لە برێت مەکگۆرگ، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا و ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئامادە دەبن.

دواتر لەگەڵ، مایکڵ مەکۆڵ، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆدەبێتەوە، بۆ خوانی نیوەڕۆش چاوى بە ژمارەیەک لە نوێنەران لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی ئەمریکا دەکەوێت و کۆتا دیداریشى لەگەڵ ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا دەبێت.

رۆژی 13ی ئەم مانگە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای عێراق، کە نوێنەری هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، گەیشتە واشنتن و رۆژى دووشەممە 15ى نیسان، لەکۆشکى سپى لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا کۆبووەوە و ژمارەیەک بەرپرسى باڵاى وڵاتەکەشى بینیوە.