بافڵ جەلال تاڵەبانى: جەختدەکەینەوە هەڵبژاردن لەوادەى خۆیدا ئەنجامبدرێت

کۆبوونەوەى بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان و باڵیۆزى فینلاند لە عێراق.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان لە میانەى کۆبوونەوەى لەگەڵ باڵیۆزى فینلاند لە عێراق رایگەیاند، جەختدەکەینەوە هەڵبژاردن لەوادەى خۆیدا ئەنجامبدرێت

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ى نیسانى 2024، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان، لەگەڵ ئانو سارێلا، باڵیۆزی فینلاند لە عێراق، کۆبووەوە و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی دوایین گۆڕانكارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆكان و هەماهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان كرایەوە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و ئاڕاستەكردنی وڵات بەرەو سەقامگیری.

هاوکات، بافڵ جەلال تاڵەبانی، هەڵوێستی یەكێتی لەبارەی كۆی هاوكێشەكان ئاشکراکرد و رایگەیاند، "ئێمە پابەندین بە سەقامگیریی وڵات و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكەكەمان، هەموو هەوڵەكانیشمان لەپێناو كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان و گەیشتن بە ئەنجامێكە كە ئاشتی و ئاوەدانی بەدوای خۆیدا بهێنێت".

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەشدا هاتووە، لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، هەردوولا هاوڕابوون هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت و ببێتە مایەی ئارامیی سیاسی، بەرەوپێشچوون و بەهێزتركردنی پایەكانی دیموكراسی لە هەرێمەكەمان.