دەستەى پەخشى ئیسرائیل: بڕیارى شێوازى وەڵامدانەوەى هێرشەکەى ئێران دراوە

دیمەنى مووشەک و درۆنەکانى ئێران بەسەر ئاسمانى ئیسرائیلەوە. فۆتۆ: AFP

دەستەى پەخشى ئیسرائیل رایگەیاند "بڕیارى شێوازى وەڵامدانەوەى هێرشەکەى ئێران دراوە و ژمارەیەک ئەندامانى کابینەى جەنگى داوایانکردووە هێرشبکرێتەسەر دامەزراوە هەستیارەکانى ئێران".

بەگوێرەى راگەیەندراوى دەستەکە "بۆ هێرشکردنەسەر ئێران تەلئەڤیڤ چاوەڕوانى دەرفەتێکى گونجاو دەکات".

پێشتریش دەستەی پەخشی ئيسرائيل رايگەياند، تەلئەڤيڤ نامەيەکی بۆ وڵاتانی ناوچەکە ناردووە و دڵنيايیداوە لەوەى، وەڵامدانەوەيان بۆ هێرشەکەی ئێران سەقامگيریی ناوچەکە ناخاتە مەترسييەوە.

دەستەکە کە ميديای فەرمی وڵاتەکەيە، لە زاری سەرچاوەيەک لە هێزەکانی بەرگریی ئاسمانيى وڵاتەکەیەوە بڵاویکردووەتەوە، سەرکردە سياسی و سەربازييەکانی ئيسرائيل بڕياريانداوە بە روونی و دەستبەجێ وەڵامی هێرشەکەی ئێران بدەنەوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە، هێزە ئاسمانييەکان ئامادەکارييەکانيان بۆ وەڵامدانەوە تەواوکردووە، ئامانجەکەيان ئەوەيە رێگریی لە ئێران بکەن لە دروستکردنی هاوکێشەيەکی نوێ.

راپۆرتە ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، پێدەچێت وەڵامدانەوەی تاران بەشێوەیەک بێت کە نەتوانێت ناوچەکە پەلکێش بکاتە ناو شەڕێکی هەمەلایەنە و بە شێوەیەک دەبێت، ئەمریکییەکان بتوانن قبووڵی بکەن.

هاوکات، رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرای کردووە، ئەنجوومەنی جەنگی ئیسرائیل باسیان لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئێران کردووە، بەشێوەیەک کە دڵنیابێت لەوەی هاوپەیمانان توڕە ناکات و دەرفەتێک بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تاران لەبار نابات.