ئەمریکا و ئەوروپا: سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنین

ئاڵای ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا.

لەبەرامبەر هێرشەکەى بۆسەر ئیسرائیل، کۆشکی سپی و یەکێتیی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنن و جەختدەکەنەوە کە فشارەکانیان بۆ لاوازکردنى توانا سەربازییەکانى تاران بەردەوامدەبن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ى نیسانى 2024، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "لە رۆژانی داهاتوودا ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، سزاش بەسەر پیشەسازى دروستکردنى فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکى ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن".

گوتیشى، "سزاکانى سەر سوپای پاسداران و وەزارەتی بەرگری ئێران و فشارەکانیان بۆ لاوازکردنى توانا سەربازییەکانى ئەو وڵاتە بەردەوامدەبن".

ئاماژەى بەوەشکرد، "واشنتن سزای بەسەر زیاتر لە 600 کەس و لایەنی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە سەپاندووە بەهۆی پشتیوانیکردنى گروپەتیرۆرستییەکان و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ".

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، دووپاتیکردەوە کە "هێزەکانی ئەمریکا ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر بۆردومانێکی نوێی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک، لەگەڵ هاوبەشەکانیشیان لێپرسینەوە لە حکومەتی تاران دەکەن لە بەرامبەر کارە بەدخوازەکانى بۆ ناسەقامگیرى ناوچەکە".

پێشتریش، جانێت یەڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لەمیانی بەشداریی لە کۆبوونەوەی بەهارەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەواشنتن، رایگەیاند، "پێشبینی دەکات ئەمریکا لە چەند رۆژی داهاتوودا سزای نوێ بەسەر تاراندا بسەپێنێت لەبەرامبەر هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر ئیسرائیل".

گوتیشى، "ئامانج لەسزاکان لاوازکردن و دابڕانی ئێرانە لە پشتیوانی گروپە چەکدارەکان، بەتایبەتی گروپی حیزبوڵا کە هێرشدەکاتە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و مەترسییان بۆ بازرگانی جیهانی دروستکردووە".

رۆژى سێشەممە، 16ى نیسانى 2024، جۆزیپ بۆرێڵ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "پاش هێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل، دەستیان بە فراوانکردنی سزاکانی سەر ئێران کردووەو بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازی سەپاندنی چەند سزایەکی نوێیان کردووە".

ئاماژەى بەوەشکرد، "سەپاندنی سزای نوێ بەسەر تاراندا لەبەرامبەر ناردنی درۆن بۆ رووسیا و دابینکردنی چەک و تەقەمەنییە بۆ گروپە چەکدارەکانی نزیکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".