لە عومان بەهۆی لافاوەوە 18 کەس گیانیانلەدەستدا

دیمەنێک لە لافاوەکەی عومان

بەهۆی ئەو لافاوەی لە ئەنجامی بارانی بەلێزمە لە عومان درووستبووە، تا ئێستا 18 کەس گیانیانلەدەستداوە.

شەپۆلێکی بارانی بەلێزمە لە رۆژی یەکشەممەوە سەرانسەری عومانی گرتەوە و لە هەریەک لە شارەکانی مەسقەت، موسەندەم، بورێمی، زاهیرە، داخلییە و باتینە بووە هۆی درووستبوونی لافاو.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن کۆمیتەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی دۆخە لەناکاوەکان لە عومان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە بەهۆی درووستبوونی لافاوەوە لانیکەم 18 کەس گیانیانلەدەستداوە.

تیشکخراوەتە سەر ئەوەش لەو 18 کەسە 10یان خوێندکارن و ئۆتۆمبێلەکەیان لافاو لەگەڵ خۆی بردوویەتی.

هاوکات هێزی پۆلیسی عومان و سوپای وڵاتەکە بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە گیریان خواردووە، راسپێردراون.