قایمقامى چەمچەماڵ: بۆ هەڵدانەوەى گۆڕەبەکۆمەڵەکانى سەماوە بەڵێنمان لە لایەنە بەرپرسەکان وەرگرتووە

رەمک رەمەزان، قایمقامى چەمچەماڵ. فۆتۆ: کەناڵ8

قایمقامى چەمچەماڵ رایگەیاند، بەڵێنیان لە لایەنە بەرپرسەکان وەرگرتووە بۆ هەڵدانەوەى گۆڕەبەکۆمەڵەکانى سەماوە، دەشڵێت، لەسەر داواکارى ئەوان وەرگرتنى سامپڵى خوێن لە کەسوکارى شەهیدان بەردەوام دەبێت.

پارێزگارى موسەنا و قایمقامى چەمچەماڵ و سامەرا، سەردانى کەسوکارى ئەنفالکراوانیانکرد لە شارى سەماوە و چەند زانیاریەکیان لە بارەى هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕانەوەى رووفاتەکان بۆ زێدى خۆیان خستەڕوو، قائیمقامى چەمچەماڵ رایگەیاند، لە پرۆسەى ئەنفالدا 440 گوند لە سنوورى شارۆچکەکەیان وێرانکراوە و سەرجەم ناحیەکانى سنوورەکەشیان تەختکراون و زۆرترین ئەو کەسانەى لە پرۆسەکانى سێ و چوارى ئەنفالدا بەرپرۆسەى ئەنفال کەوتوون هاونیشتمانى سنوورى چەمچەماڵ بوون.

گوتیشى، "سەردانى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوانیان کردووە و داوایان لەلایەنە بەرپرسەکان کردووە بەدواداچوون بۆ گۆڕەبەکۆمەڵەکان بکەن و بەڵێنیشیان وەرگرتووە کە بەدواداوچوون بۆ هەڵدانەوەى گۆڕەکۆمەڵەکان بکەن".

لە بارەى ئەنجامدانى پشکنینى دى ئێن ئەى بۆ کەسووکارى ئەنفالکراوان، رەمەک رەمەزان، گوتى، "پرۆسەى ئەنجامدانى پشکنین بۆ کەسوکارى شەهیدان بەردەوامە و تۆمەکەش ئامادەى خۆیان نیشانداوە بۆ گەڕانەوە بۆ چەمچەماڵ بەمەبەستى وەرگرتنى سامپڵى خوێن لەو کەسانەى خوازیارن".

رۆژى 16ى نیسانى 2024، بەشێک لە کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانى شارى بەغدادیان کرد و چەند چالاکییەکى تایبەت بە تاوانى ئەنفالیان لەو شارە ئەنجامدا. نوێنەرى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، "ئامانجى چوونیان بۆ بەغداد بۆ ئەوەیە بۆ وڵاتان و بەرپرسانى عێراقى بسەلمێنن، کە میللەتەکەیان زوڵم و ستەمى لێکراوە و رووبەڕووى جینۆساید و کۆمەڵکوژى بووەتەوە و داواى مافى خۆیان دەکەن".

دواتریش کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانى پەرلەمانى عێراقیان کرد و چەند چالاکیەکیان ئەنجامدا.