لەنەینەوا لیژنەیەک بۆ چارەسەرى کێشەى نێوان کورد و عەرەبى هاوردە پێکهێندرا

لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا لیژنەیەک بۆ چارەسەرى کێشە و گیروگرفتى نێوان هاوڵاتیانى کورد لە ناحیەى زومار و ئەو عەرەبانە پێکهێنراوە کە لەسەردەمى رژێمى بەعس لەشوێنى کوردەکان جێگیرکراون.

محەمەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پارێزگاى نەینەوا بە کەناڵ8ى راگەیاند، لە کۆمەڵگەى بەردییە لە ناحیەى زومار دواى راگواستنى خەڵکى گوندەکانى ناوچەکە لە ساڵى 1974 بۆ ناوچەکانى حەمام عەلیل و حەزەر و چەند ناوچەیەکى تر، دواتر عەرەبى هاوردە لە جێگایان جێگیرکرابوون بەڵام لەساڵى 2003 کوردەکان گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.

گوتیشى، دواتر عەرەبەکان چوونەتەوە ناوچەکە و کێشە و گیروگرفتى خاوەنداریەتى دروستبووە، بۆیە بە ئامادەبوونى پارێزگار و لایەنە ئەمنییەکان کۆبوونەوەیەک کراوە و نوسراوێک ئاراستەى تاپۆى گشتى بەغداد کراوە بۆ ئەوەى تاپۆى ساڵى 1952ى ناوچەکە ئاراستەى لیژنەکە بکات تاوەکو لەو رێگەیەوە بەیەکجارى کێشەکە چارەسەر بکرێت.

لەزۆربەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لەدواى هەوڵدان بۆ گۆرینى دیمۆگرافیاى ناوچەکان لەلایەن رژێمى پێشوى عێراقەوە کێشە و گیروگرفتى خاوەندارییەتى زەویەکان دروستبووە و لەدەستورى عێراق هەوڵدرا لەرێگەى مادەیەکەوە ئەو کێشەیە بەتەواوى چارەسەربکرێت کە مادەى 140ـە بەڵام لەدواى 19ساڵ لەپەسەندکردنى دەستوور ئەو کێشەیە بەردەوامە.