بايدن داوای جڵەوکردنی گرووپە چەکدارەکان لە سودانی دەکات

وێنەی کۆبوونەوەی سودانی و بایدن

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن ئاشکرایدەکەن، بایدن داوای لە سودانی کردووە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران جڵەوگیر بکات.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە "جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە دیدارەکەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای جڵەوکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی کردووە".

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە "لە کۆبوونەوەی نێوان سودانی و جەیک سۆلیڤان، راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، هەمان پرس و داواکاریی تاوتوێکراوە".

هاوکات، محەمەد شیاع سودانی، رۆژی سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند "رێگەنادەن عێراق بکرێتە گۆڕەپانی ململانێی هەرێمایەتی" راشیگەیاند "بەگوێرەى راپۆرتە سەربازییەکان، هیچ مووشەک و درۆنێک لە خاکی عێراقەوە ئاڕاستە نەکراون".

لەماوەی رابردوودا، گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، چەند هێرشێکیان کردەسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە.

لەکاردانەوەی ئەو هێرشانەدا، ئەمریکا دوو سەرکردەی گرووپەکانی حیزبوڵای عێراقی لە شارى بەغداد کردە ئامانج و دواتر جۆرێک لە رێککەوتن لە نێوان هەردوولا هاتە ئاراوە بە راگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر.