هێمن موکریانی.. شاعیرێک لە ئاسۆی خەباتگێڕییدا

شاعیر، نووسەر و وەرگێڕێکی گەورەی کوردە، لە سەنگەری فەرهەنگ، ئەدەب و فۆلکلۆری کوردییدا، یەکێکە لە گەورەترین کەسایەتییەکان و بە شیعرەکانی گوزارشتێکی راستەقینەی لە هەستە کوردەوارییەکان کردووە، هێمن موکریانی، رێکەوتی 17ی نیسانی 1986، کۆچیدوایی کردووە.

ناوی تەواوی، محەمەد ئەمین، کوڕی سەید حەسەنی شێخولئیسلامی موکرییە، ناسراوە بە هێمن موکریانی، بەهاری ساڵی 1921 لە شەوی جەژنی بەراتدا، لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە قۆناغێکدا، کە نەتەوەی کورد لەژێر بارگرانییەکی گەورەدا بووە، جلوبەرگی کوردەواریی قەدەغەکراوە و هێمن لە کەشێکدا پەروەردە دەبێت، کە بەردەوام زۆرداریی و نادادپەروەریی بەرامبەر بە کورد دیوە، بەشخوران و ژێردەستەیی، دەبنە دوو تێمای دیار لە ژیاری هێمنی شاعیردا.

هێمن، هەر لە منداڵییەوە لەسەر چیرۆک و گێڕانەوەکان دونیابینی فراوانبووە، ئەلف و بێی لای سەعیدی ناکام خوێندووە، "بزنۆکێ و مەڕنۆکێ"ی حوسێنی حوزنی موکریانی هەر بە منداڵیی لەبەرکردووە و شیعرەکانی شێخ رەزا و زۆر زانستی دیکە لەسەر دەستی ناکام فێردەبێت.

بەمەبەستی درێژەدان بە خوێندن و خوێندەواری، باوکی رەوانەی شاری مەهابادی دەکات، لەم شارەدا و لە خوێندنگەی سەعادەت دەست بە خوێندن دەکات، بەو هۆکارەی هێمن تەنها زمانی دایکی زانیوە، لەم خوێندنگەیەدا کە زمانی کوردی نەخوێندراوە و کەس قسەی پێنەکردووە، هەست بە نامۆیی دەکات و منداڵان تانەی لێدەدەن، پاش تەواوکردنی خوێندن و بەدەستهێنانی پلەی بەرز، دەگەڕێتەوە بۆ لادێ و لەسەر دەستی باوک و مەلای دێ، دەستوخەتی نووسینی خۆشدەبێت و زیرەکییەکەی وادەکات باوکی رەوانەی وانەی مەلایەتیی بکات، گەرچی هێمن ویستی لەسەر خوێندنی ئاینیی نەبووە، بەڵام ماوەی چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورهان بە سانایی خوێندوویەتی، پاشان لەسەر دەستی مامۆستا فەوزی ساڵ و نیوێک درێژە بە خوێندنی خوازیاری خۆی دەدات.

هێمن یەکێک بووە لەو نووسەر و شاعیرانەی، تێکڕای قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنی خۆیان، لە سەنگەری فەرهەنگ، ئەدەب و فۆلکلۆری کوردییدا تەرخان کردووە، هاوتای شۆڕشگێڕێک، خەباتی بۆ زمان و نەتەوە کردووە، لەگەڵ هەژاری شاعیردا، دووانەیەکی پێکەوەبوون، سەرەتا نووسینی شیعر، بە لاساییکردنەوە دەستیپێکردووە و لە خانەقاوە سەریهەڵداوە، ناوەڕۆکی نووسینەکانی بە دەربڕینی هەستی راستەقینە دەناسرێنەوە، لە تەمەنی 17 ساڵییدا، رۆژانە سەرقاڵی کشتوکاڵ و کارکردن دەبێت، شەوانیش خۆی بۆ نووسینی شیعر تەرخان دەکات، شەوێکیان، پاش ئەوەی باوکی بە دەفتەرە شیعرییەکی دەزانێت، لێیدەسەنێت و دەیسووتێنێت.

نازناوی هێمن، وەکو خۆی دەگێڕێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەندامێتیی لە کۆمەڵەی ژ-کاف، ئاماژە بەوە دەدات، "من هیچم لە پێشمەرگایەتی لێ حاڵی نەبوو و هیچ کەڵکێکم لێ وەرنەگرت، تەنها ئەو خێرەی بۆ من هەبوو، ئەویش کە ئەو ناوە دووروودرێژەی لە کۆڵ خستم" و پێی توانی نازناوی هێمن وەربگرێت.

لە کۆمەڵەی ژ-کاف'دا، هێمن لە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری نیشتمان و ئاوات'دا کار دەکات، پاش دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بۆ یەکەمجار لە مزگەوتی سووری شارەکە، بەرامبەر بە خەڵک شیعر دەخوێنێتەوە، لەم کۆمارەدا، کاری کردووە بۆ دانانی کتێبی کوردی فێرگەکان، لە گۆڤارەکانی، هاواری کورد، هاواری نیشتمان، گڕوگاڵی منداڵان و هەڵاڵەدا، شیعر و وتاری بڵاوکردووەتەوە، قازی محەمەدی پێشەوای کۆمارەکە شانازیی پێوە کردووە و شیعرەکانی ستایشکردووە.

لە ناوەڕۆکی نووسینی شیعردا، ژن ئامادەییەکی بەردەوامی هەیە، جوانیی ژن ئیلهامبەخشێکی سەرەکیی نووسینەکانی هێمن بووە، هاوتای سروشت و خەباتی نەتەوە، بەڵام سەرەکیترین مژار و بابەتی شیعرەکانی هێمن، خۆیان لە دەوری خەبات و رزگاریخوازی گەلدا بینیوەتەوە و کۆمەڵانی خەڵک بۆ هێمن لە ژن خۆشەویستتر بوون.

شیعرە نەتەوایەتییەکانی هێمن، لە هەناوی مرۆڤدۆستییدا دێنە دەرەوە، ئەم شاعیرە دژی هیچ مرۆڤ و گەلێک نەبووە، بەڵام پێداگیر بووە لەوەی پێویستە شاعیر بەرامبەر بە گەلەکەی بەهەڵوێست بێت و بەرگریی گەورەی لێبکات، دژی نادادپەروەریی و نایەکسانیی وەستاوەتەوە و هەوڵی سەرەکیی هۆشیارکردنەوەی گەل و کۆمەڵ بووە.

لە شیعری "کوردم ئەمن"دا هێمن دەنووسێت

من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نییە
لەت لەتم کەن، بمکوژن، هێشتا دەڵێم کوردم ئەمن

زمانی نووسینی شیعری هێمن، زمانێکی کوردی پەتییە، بەدەرە لە وشەی بێگانە، گەرچی خەڵکی موکریانە، بەڵام بە موکریانیی نەینووسیوە، کاریگەر بووە بە شێوەزاری سەرەکیی کوردی و هەوڵیداوە هەمووان لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان بە ئاسانی لێی تێبگەن.

لە دیارترین ئەو بەرهەمانەی هێمنی نووسەر و شاعیر پێیان دەناسرێتەوە، بریتین لە:

دیوانی هێمن
تاریک و روون
قەڵای دمدم
ناڵەی جودایی
بارگەی یاران

رێکەوتی 17ی نیسانی 1986، لە تەمەنی 65 ساڵییدا، کۆچیدوایی دەکات و بە وەسێتی خۆی، لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی شاری مەهاباد بەخاکدەسپێردرێت.

لە "ئێوارەی پایزی ناڵەی جودایی"دا، کە یەکێکە لە دیارترین شیعرەکانی هێمن، دەنووسێت:

گوتم: کەوابوو، ئاشنا!
بەشی ئێمە لەنێو چوونە
گوتی: نا، نا، دوور بنواڕە...
دوور بنواڕە... ئاسۆ روونە