گوتەبێژى قوباد تاڵەبانى: لەم رۆژانەدا لیستى مووچەى مانگى 4ى فەرمانبەرانى هەرێم دەنێردرێت بۆ بەغداد

سەمیر هەورامى، گوتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

سەمیر هەورامى، گوتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "لەم رۆژانەدا لیستى مووچەى مانگى 4ى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەنێردرێت بۆ بەغداد".

سەمیر هەورامى بە کەناڵ8ى گوت "وەزارەتى دارایى عێراق ئاگاداریکردووینەتەوە کە لیستى مووچەى مانگى 4 بنێرین و لە ئێستادا خەریکى ئامادەکردنى لیستەکانین".

گوتیشى "حکومەتى عێراق لەپێشدا مووچەى خانەنشینى دەدات و پاشان لەدواى18ى مانگەوە دەستدەکات بەدابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران و کە ئەوان دەستیان بە دابەشکردنى مووچە کرد ئەوکات لیستەکان دەنێرین".

لەبارەى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمیش، گوتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوە کرد "پلەبەرزکردنەوە پرۆسەیەکى زۆر ئاسان نییە و کاتى دەوێت و دەبێت دۆسیەى هەموو فەرمانبەران وردبینى بکرێت".

گوتیشى "بەهۆى ئەوەى زیاتر لە 10 ساڵە پلەبەرزکردنەوە بۆ فەرمانبەران نەکراوە رەنگە پرۆسەکە دوو تا سێ مانگى بوێت".

ئاماژەى بەوەش کرد، لەگەڵ وەزیرى دارایى لەو بارەیەوە قسەیکردووە و پلەبەرزرکردنەوە زیاتر لە 100 ملیار دینارى وەک بودجەى زیادەتر دەوێت".

دڵنیایى ئەوەشیدا کە بۆ پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى پاڵپشتییەکى باشە و دادگاکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "دەبێت حکومەتى عێراق هاوشێوەى هەموو فەرمانبەرانى دیکەى عێراق شایستەى دارایى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان خەرج بکات".