وەزیرى ناوخۆ: هیچ گروپێکى تیرۆریستى لە هەرێمى کوردستان بوونى نییە

رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "هیچ گروپێکى تیرۆریستى لە هەرێمى کوردستان بوونى نییە".

لەمیانەى بەشداریکردنى لە پانێڵێکى دیدارى سلێمانى، رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوە کرد "گرووپە چەکدارەکانى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا و ئێران لە هەرێمى کوردستان تیرۆریست نیین".

گوتیشى "بەگوێرەى دەستوورى عێراق دەستەواژەى حکومەتى ناوەندیی بوونى نییە و بەگوێرەى دەستوورعێراق حکومەتێکى فیدراڵییە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، هەشتەمین دیداری سلێمانی بە سپۆنسەری کەناڵ8 و بە بەشداری دەیان کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی لە ناوخۆی هەرێمى کوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات، لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دەستیپێکرد و دوو رۆژ دەخایەنێت.

دیدارەکە بە سپۆنسەرى سەرەکى کەناڵ8 دەبێت، لەژێر ناوى "ململانێکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست" و تێیدا ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتی لە هەرێمی کوردستان، عێراق، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکا، تاوتوێی پرسە سیاسی و ئابووری و ژینگەییەکان دەکەن.

پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق، یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانى دیدارەکە و گفتوگۆى چڕى لەبارەوە دەکرێت، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و گرفتەکانى کەمبوونەوەى ئاو و چۆنیتی رووبەڕووبونەوەی لەلایەن وڵاتان، لە دیدارەکەدا تاوتوێدەکرێن و جەخت لە رێکارەکانى بەردەم پاراستنى ژینگە لە نێوان وڵاتان دەکرێنەوە.

لە دیدارەکەدا پانێلى، سیاسیی، ئابوورى و ژینگەیی لەلایەن ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسى باڵاى عێراق و هەرێمى کوردستان و بە بەشداریی ژمارەیەک لە شارەزا و ئەکادیمیستە جیهانییەکان پێشکەش دەکرێن.

دیدارى سلێمانى، یەکێکە لە گەورەترین دیدارە سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکە، لە ساڵى 2013ەوە دەستیپێکردووە، سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ و دیبەیت لە نێوان سەرکردەکاندا لەسەرانسەرى جیهان، یەکەمین دیدارى گەورەى سیاسەتە لە عێراق کەتیایدا سیاسییەکان، توێژەران، چالاکوانان و رۆژنامەنوسان، لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکاوە بەشداریى تێدا دەکەن.