یونسکۆ سەرقاڵی ناساندنی قەڵای فەلەکول ئەفلاکی لوڕستانە

لایەنەکان کار دەکەن بۆ زیادکردنی ناوی قەڵای فەلەکول ئەفلاکی شاری قوڕمئاوای لوڕستان بۆ نێو لیستی شوێنەوار و کەلەپووری رێکخراوی یونسکۆ.

بە گوتەی زەهرا بەهاروەند، جێگری فەرمانگەی شوێنەوار لە پارێزگای لوڕستان، "قەڵای فەلوکول ئەفلاک، بەهۆی رووداوە سروشتییەکانی وەکو لافاو و بومەلەرزە، زیانی پێگەیشتووە، ئێستا کار بۆ نۆژەنکردنەوە و تۆکمەکردنی شوێنە زیانبەرکەوتووەکانی دەکرێت، بەمەبەستی ئامادەکاریی بۆ زیادکردنی ناوی لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

قەڵای فەلەکول ئەفلاک، کە بە قەڵای دوازدە بورجیش ناسراوە، ساڵی 1969 لە ئێران وەکو شوێنەوارێکی نیشتمانیی تۆمارکراوە، بە گوتەی عەتا حەسەنپوور، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی شوێنەوار لە پارێزگای لوڕستان، "کار بۆ ئەوە دەکەن، قەڵاکە وەکو شوێنەوارێکی مێژوویی لە ئاستی جیهانییدا تۆماربکەن".

بڕیارە هاوینی ئەمساڵ، شاندێکی "رێکخراوی فێرکردن و زانستی و رۆشنبیریی" سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەردانی قەڵاکە بکەن، تاوەکو بە پشکنینەکانیان بڕیار لەسەر بەجیهانیکردنی قەڵاکە بدەن.

قەڵای فەلەکول ئەفلاک، لەسەردەمی ساسانییەکاندا دروستکراوە، ناوەندی حکومڕانی، سەربازی و مێژوویی گرنگی ناوچەکە بووە، قەڵاکە ناوەندی ئیماراتی حەسنەوییەکان و لوڕی بچووکیش بووە، لە سەردەمەکانی سەفەوی، قاجار و پاشایەتییدا لە ئێران، وەکو ناوەندێکی سەربازی، حکومڕانی و زیندان بەکارهاتووە.

شوێنەوارەکانی قەڵاکە تەمەنیان بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران، لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و جیهانەوە سەردانی دەکەن.