وەزیری کۆچ و کۆچبەران: حکومەتى هەرێمى کوردستان رێگریم لێدەکات بچمە کامپی ئاوارەکانی دهۆک

کامپی ئاشتی لە عەربەت فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستانى تۆمەتبار کرد بەوەى رێگریی لێدەکات، بچێتە ناو کامپی ئاوارەکانی دهۆک.

گوتیشى: "دووچاری سەرسوڕمان بوون، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگە نادات بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان لە قەزای شنگال".

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت: "نووسراوی فەرمیمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی دەستبکات بە داخستنی کامپی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک".

بەگوتەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە تەنیا لە شاری دهۆک، نزیکەی شەش هەزار خێزان لە پێکهاتەی ئێزدییەکان ناویان تۆمارکراوە و خواستی گەڕانەوەیان هەیە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەڵام بە نووسراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووچاری سەرسوڕمان بووین، کە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەتدەکاتەوە و گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە پەیوەست دەکات بە جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگالەوە، کە ئەو بابەتە ئیشی ئێمە نییە".

ئیڤان جابرۆ رایگەیاند "لە راستیدا ئێمە پەنامان بۆ دادگای فیدراڵی بردووە، جگە لەوەش ماوەیەک لەمەوبەر ویستوومانە بچینە کامپی ئاوارەکان و بەسەریان بکەینەوە، بەڵام دووچاری سەرسوڕمان بووین بە بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە قەدەغەی سەردانی وەزیری کۆچ و کۆچبەران دەکات بۆ کامپی ئاوارەکان لە دهۆک، مەرجی رێگەدانەکەشیان بەستووەتەوە بە کشانەوەی داواکەمان لە دادگای فیدراڵی، بەڵام من داواکە ناکشێنمەوە".