هەڵوێستی بزووتنەوەی حەماس لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل

حەماس پاراستنی دیلە ئیسرائیلییەكانی رادەستی هێزێكی تایبەت كردووە - فۆتۆ: گوگڵ

بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستین، هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی هەفتەی رابردووی ئێران بۆسەر ئیسرائیل راگەیاند و گوتی، "پرۆژەیەکی رەوا بووە" لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەکەی تاران لە دیمەش لە سەرەتای ئەم مانگەدا.

لە دوای سێ رۆژ لە هێرشەکە، حەماس پێیوایە، لە ئەمڕۆ بەدواوە، بۆ هەر جوڵەیەک لە دژی ئێران، وەڵامی ئیسرائیل دەدرێتەوە.

بزووتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان هێشتا لە نزیکەوە چاودێریی کاردانەوەی هێرشەکە دەکەن.

شەوی شەممەی رابردوو، بۆ یەکەمجار سوپای پاسدارانی ئێران، بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر، هێرشیکردە سەر ئیسرائیل.

بەگوێرەی لێدوانی فەرمیی سوپای ئیسرائیل، ئێران بە 170 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری شاهین 136و نزیکەی 120 مووشەکی بالیستی و 30 موشەکی کروز، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.

بە گوتەی دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، توانیویانە بەرپەرچی لە 99%ی هێرشەکەی ئێران بدەنەوە.

ماوەی چەند رۆژێکە ئەنجوومەنی جەنگی ئیسرائیل و ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتە، تاوتوێی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران دەکەن، لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی ئێران دەڵێن، ئەگەر ئیسرائیل هێرشبکاتە سەریان، لەماوەی چەند چرکەیەکدا وەڵامدەدەنەوە.